کارەکە چۆن کرا؟
زێی دوكان بە دەرمانی قڕكەر رشێندرا
964+
ئەحمەد محەمەد- سلێمانی
بۆ یەكەم جار و بە شێوەی هەڵم، زێی قەزای دوكان بە دەرمانی قڕكەری مێرووە زیانبەخشەكان رشێندرا.
هەڵمەتەكە لە سناعەی دوكانەوە، بەدیاریكراوی لە شیوی شێلمەوە تا ئاستی قەڵای پاشای كۆرە بووە و كارەكەش بە بەلەم و بە تیمێكی تایبەتی مەڵبەندی خۆپاراستنی تەندروستیی دوكان كراوە.
د. نەوزاد سەیدگوڵ، بەڕێوەبەری مەڵبەندی خۆپاراستنی تەندروستیی شەهید مەحمود سێدەری – دوكان بە 964ی وت، هەڵمەتەكە لە سەر داوای خاوەنی كەپر و كابینە گەشتیارییەكان بووە، لەبەرئەوەی مێش و مێشولەیەكی زۆر لە ئاستی زێیەكەی دوكان هەبووە و بووەتە هۆی بێزاركردنی گەشتیاران.
دەشڵێت، هەڵمەتەكە بۆ یەكەمجارە لەناو زێیەكە و بە شێوەی هەڵم رشاندوویانە، بۆ قڕكردنی ئەو مێروو و مێشە زیانبەخشانەی كە لەسەر ئاوەكە كۆدەبنەوە.
قەزای دوكان ناوچەیەكی گەشتیاریی هەرێمی كوردستانە، ساڵانە سەدان گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم رووی تێدەكەن، بەهۆی بوونی دەریاچەكەی و ئەو زێیەی كە دەرژێتە ناو قەزاكەوە، كە دەیان كەپر و كابینەی گەشتیاری بە درێژایی زێیەكە لەخۆدەگرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا