لەسەر هێرشەکانى شەوى رابردوو
بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا: با ئەمریکا چاوەڕێى وەڵامى قورس بێت
964+
وریا فەتاح
بارەگای ناوەندیی خاتەم ئەلئەنبیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئەمریکا بە شێوەیەکی راستەوخۆ هاتووەتە ناو شەڕ لەگەڵ ئێران و دەستدرێژی کردووەتە سەر خاکی ئێران. هەروەها هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی بەهێز و لێکەوتەی قورس لە ئەمریکا دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە،” ئەمریکای تاوانبار، لە درێژەی پشتیوانییە هەمەلایەنەکانی لە دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی راستەوخۆ چووەتە ناو شەڕ لەگەڵ ئێران و دەستدرێژیی کردووەتە سەر خاکی پیرۆزی ئێران”.
بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا ئەو هێرشەى ئەمەریکا بە دوژمنکارانە ناودەبات دەڵێت: ئامانجى بوژاندنەوەی رژێمی لە مردن نزیکبووەوەی زایۆنی ئەنجامدرا.
جەختیش دەکاتەوە کە ئەم هێرشە نەک بێسود بووە، بەڵکو دەبێتە هۆی فراوانبوونی بازنەی ئامانجەکانى ئێران و ئامانجەکانیش بە رەوا وێنا دەکات.
جەختیش دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە لە بەرژەوەندى ئەوان (مەبەست لێى ئەمریکا و ئیسرائیلە) ناشکێتەوە و دەڵێت: بە ئۆپەراسیۆنی بەهێز و ئامانجدار کە لێکەوتەى قورسى دەبێت، وەڵامیان دەدرێتەوە.