لە سنووری هەولێر
سێ درۆن تێکشکێندران و خرانە خوارەوە
964+
عەزیز عەبدولعەزیز – هەولێر
لە سنووری پارێزگای هەولێر سێ درۆن تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
پەیامنێری 964 رایگەیاند، نزیک کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 22.6.2025 سێ درۆن لە سنوورەکانی گوندی قەڵاچۆغان و گەزنە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کەوتوونەتە خوارەوە.
ئاشکراشیکرد، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان و دەیانەوێ پاشماوەی درۆنە تێکشکاوەکان کۆ بکەنەوە.
کەمێک پێش ئێستاش دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 17:10 لە نزیک گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندراون و خراونەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەوتنەخوارەوەی ئەو درۆنانە هیچ زیانێکی ماددی و گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری