ئەوە سێیەم کەسە ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک خنکاوە
لە سێمێل کچێکی تەمەن 14 ساڵ کەوتە ناو بیرێکی ئاو و خنکا
964+
هیڤی دیوالی – دهۆک
لە ناوچەی گرێ گەورێ لە پارێزگای دهۆک کچێکی تەمەن 14 ساڵ کەوتەناو بیرێکی ئاو و خنکا، ئەوەش سێیەم کەسە لەمڕۆدا لە دهۆک خنکاوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 22.6.2025 لە ناوچەی گرێ گەورێ لە سنووری قەزای سێمێل، خێزانێکی بەنەتەوە عەرەب و خەڵکی پارێزگای موسڵ، لەکاتێکدا خەریکی کاری کشتوکاڵ بوون، کچێکیان بەناوی نورا ئەدەهەم و تەمەن 14 ساڵ کەوتووەتە ناو بیرێکی ئاو و خنکاوە.
بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی پارێزگای دهۆک بە964ـی وت، “دوای رووداوەکە تیمێکی بنکەی بەرگری شارستانی سێمێل چوونەتە شوێنەکە و توانیویانە تەرمی مێردمنداڵەکە لە بیرەکە دەربهێننەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی مێردمنداڵەکە رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە و دوای رێکارە یاساییەکان رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە.
هەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر بەنداوی دهۆک خۆشک و برایەک کە تەمەنیان 11 ساڵ و 23 ساڵ بوو و ئەوانیش بەنەتەوە عەرەب بوون، خنکان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری