هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەڕلەمانی ئێران - وێنە: میدیا خۆجێییەکان
پەڕلەمانی ئێران وا دەڵێ
مافی خۆمانە لە پەیماننامەی قەدەغەی چەکی ئەتۆمی بکشێینەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
هەر لە دوای هێرشی فرۆکە شەبەحەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەڕلەمانی ئێران لە هەڵوێستێکدا، دەڵێ مافی خۆیانە لە پەیماننامەی قەدەغەی چەکی ئەتۆمی بکشێنەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22.6.2025، بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن ئەمریکاوە بۆردومان کران، وا بڵاوکراوەتەوە بە تەواوی لەناو چوون.
لەوەتی ئەو بۆردومانە کراوە، کاردانەوەکان تووند بوو و ئێران دەڵێ، ئیدی هەموو بژاردەکان بە مافی خۆیان دەزانن، لەنێویاندا بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە جگە لەوەی ئەم بەیانییە یەکسەر سیخوڕێکی مۆسادی لە سێدارەدا و موشەکی خەیبەری بەرەو ئیسرائیل نارد.
پەیماننامەی قەدەغەی چەکی ئەتۆمی چییە؟
ئامانجی پەیمانەکە ئەوەیە کە بەکارهێنان، بەرەوەپێشبردن و بەرهەمهێنان، تاقیکردنەوە و هەڕەشەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتومی لەناوببرێت، پەیمانەکە مانگی ئابی 2017 لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوەی یەکگرتووەکان خرایەڕوو و 122 وڵات پشتگیریان لێکرد و 84 وڵات واژۆیان کرد.
ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، چین و روسیا کە خاوەنی چەکی ئەتومین، پەیمانەکەیان واژۆ نەکردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا، نیجێریا، مالێزیا، ماڵتا و توالو پەیمانەکەیان واژۆ کرد.