سوپای پاسداران
شەڕی ئیسرائیل – ئێران
فەرماندەیەكی دیكەی سوپای پاسداران لە قوم كوژرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە ئاشكرای كرد، لە بۆردومانی شەوی رابردوودا فەرماندەی فەیلەقی فەڵەستینیان كوشتووە، كە سەر بە سوپاس پاسدارانە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل یسرائیل كاتز بە میدیاكانی وڵاتەكەی وت، سەعید ئیزادی، فەرماندەی سوپای فەڵەستین لە بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری قوم لە ئێران كوژرا، كە هێزێكی سەر بە سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە.
هەروەها ئاشكرای كرد، ئیزادی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی هەبووە و بەرپرسی پارەداركردنی رێكخراوەكە بووە.
هەر لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا، وەك میدیای خۆیان باسی دەكەن، شەوی رابردوو فەرماندەی لیوای دووەمی درۆنەكان لە سوپای پاسداران لە بۆردومانەكان كوژراوە، كە ناوی ئەمین فور جودخییە و بەرپرس بووە لە رەوانەكردنی سەدان درۆنی خۆكوژ بۆ سەر ئیسرائیل لە سنووری ئەهواز لە باشووری رۆژئاوای ئێران.
جیهان پێی نایە رۆژی نۆیەمی شەڕی ئیسرائیل و ئێران و هێرش و مووشەكبارانی هەردوولا بۆ سەر یەكتر بەردەوامە.