دەروازەی سنووری کێلێ _ وێنە: 964
سیستمەکە کار ناکات
جموجوڵی بازرگانی لە کێلێ ئاسایی نەبووەتەوە
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
بەیانی ئەمڕۆ، سیستمی ئەلیکترۆنی بازرگانی دەروازەی کێلێ لە ئیدارەی راپەڕین لەکارکەوت، بەهۆیەوە جموجۆڵی بازرگانی وەستاوە، تەنیا هاتوچۆی گەشتیاری ئاساییە و ئەویش هاتوچۆیەکی وای تێدا ناکرێ.
کێلێ تاقانە دەروازەکەی ئیدارەی راپەڕینە لەگەڵ کۆماری ئێران، زیاتر گەشتیارانی دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەردان و کار هاتوچۆی لێوە دەکەن.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی کێلێ بە 964ـی وت، سیستمی ئەلیکترۆنی جوڵەی بازرگانی لە کارکەوتووە، تەنیا ئەم دوای نیوەڕۆیە 25 بارهەڵگر بەبارەوە کە وەسڵیان پێ بووە لەکێلێ وە گەڕانەوە، بەڵام دیار نییە ئاسایی دەبێتەوە یان نا و لایەنی ئێرانی هیچ بڕیارێکی نوێیان بە ئێمە نەوتووە.
بارهەڵگرەکای مەرزی کێلێ 360 ئۆتۆمبێلە، لە ئێستادا رۆژانە 150 بۆ 250 بارهەڵگر لە مەرزى کێلێوە هاتوچۆ دەکەن و 800 بۆ 1000 کەسیش لە نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان دێن و دەچن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا