بە بڕیارێکی لایەنە پەیوەندیدارەکان
ئێران بە فەرمی سنووردارکردنی کاتی خستە سەر ئینتەرنێت
964+
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی میدیای ئیسرائیل بانگەشی ئەوەى كرد، دوای هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، ئینتەرنێت لەسەرتاسەری ئێراندا پچڕاوه و چەند كەسێكیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێگەی 964وە وتیان لای ئەوانیش زۆر لاواز بووە و پێشبینی دەکەن لە چەند خولەکی داهاتوودا ببڕێت، ئێران بە شێوەیەكی فەرمی سنورداركردنی ئینتەرنێتی راگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.6.2025 وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران بڵاویكردەوە بە پشتبەستن بە بڕیارێکی لایەنە پەیوەندیدارەکان، سنووردارکردنی ئینتەرنێتی جێبەجێكردووە.
وتیشی، “دەمانەوێت خەڵکی ئێران ئاگادار بکەینەوە کە بە پشتبەستن بە راگەیاندنی پێشوو و بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی بارودۆخی ناوازەی وڵات و ئیستغلالکردنی تۆڕی پەیوەندییە نیشتمانییەکان لەلایەن دوژمنەوە، بۆ مەبەستی سەربازی و هەڕەشەکردن لە ژیان و ماڵی خەڵکی ستەملێکراو، بە بڕیارێکی لایەنە پەیوەندیدارەکان، سنووردارکردنی کاتی بۆ بەكارهێنانی ئینتەرنێت چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
دەشڵێت، “دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییە گشتییەکان و پلاتفۆرمی خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان بەردەست دەمێنێتەوە و کارکردن بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی کوالێتی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە خەڵکی ئازیزمان دەکرێن.”