40 سەر گیسک و بەرخیان مردار کردووەتەوە
سەگ لە پێستى گورگدا
964+
ئاکام غەفور-سۆران
جاران دەوترا “گورگە و لە پێستى مەڕدا”، بەڵام ئێستا بووە بە سەگ لە پێستى مەڕدا، ئەوەتا شەوى رابردوو لە گوندى باپشتیانی سەر بە قەزای سۆران، سەگی بێلانە هێرشی کردووەتە سەر غەڵێک و 40 سەر گیسک و بەرخى ئاژەڵدارێکیان، مردار کردووەتەوە.
چیرۆکەکە بەم شێوازە بووە، لە دواى کاتژمێر 1:30 خولەکى شەو، پێنج سەگى بێلانە چوونەتە حەوشەى غەڵێکى بەخێوکردنى مەڕ و بزنى ئاژەڵدارێکى گوندى باپشتیان و دوو کاتژمێر ماونەتەوە و 40 بەرخى تێرەشیر و گیسکیان مردار کردووەتەوە.
بە وتەى هێدى محەمەد کە خاوەنى ئەو ئاژەڵانەیە، تەنیا ئەو 40 سەرەى هەبووە و باى نزیکەى 7 ملیۆن دینار بووە، بەڵام سەگى بێلانە هچى بۆ نەهێشتووەتەوە.
بە وتەى ئەو ئاژەڵدارە، ئەوە سیفاتى گورگە، بەڵام سەگى بێلانە ئەو کارەى کردووە، وەک ئەوەى هێدى باسى دەکات تەنانەت هەندێک بەرخ کە بەرخى ئەمساڵن لە ترسا زراویان رژاوە و مردار بوونەتەوە.
ئەو ئاژەڵدارە نە موچەى هەیە نە هیچ ئیشێکى تر، بۆیە سەگە بێلانەکان بە تەواوەتى قوتیان بڕى و زیانێکى زۆریان لێدا و داوا دەکات قەرەبوو بکرێتەوە.
ئەو سەگە بێلانانانە، لە شەڵتەرى سەگە بێلانەکانى سۆرانەوە دەرگایان بۆ کراونەتەوە و چوونەتە گوندەکە و ژیانى گوندەکەیان تێکداوە، نەک هەر بۆ ئاژەڵان بەڵکو بۆ منداڵانیش بووتەتە مەترسى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح