فڕۆكەخانەی مەشهەد
ئیسرائیل دوورترین شوێنی لە ناو ئێران بۆردومان كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
میدیاکانی ئێران بڵاویانكردەوە تەقینەوەیەک لە شاری مەشهەد روویداوە، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت هێرشیان كردووەتەسەر فڕۆكەیەك لە فڕۆكەخانەی مەشهەد كە بەنزین دابین دەكات، ئەمەش دوورترین سنوورە ئیسرائیل لە ئێران دەستی پێبگات لە ناو ئێراندا.
میدیای ئێرانی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 15.6.2025 “تەقینەوەکە لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیلی بووە کە شارەکەی کردووەتە ئامانج، ئاماژەیان بەوە کردووە کە شوێنی رووداوەکە لە نزیک مەزارگەی ئیمام ڕەزا بووە لە مەشهەد.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل بڵاویكردەوە، لە فڕۆكەخانەی مەشهەد لە رۆژهەڵاتی ئێران بۆردومانی فڕۆكەیەكیان كردووە، لەو جۆرەی بەنزینی فڕۆكەكانی دیكە دابین دەكات.
ئەو شوێنەی ئیسرائیل بۆردومانی كردووە، كە شاری مەشهەدە، دوورترین سنوورە بۆ ئیسرائیل دەستی پێبگات و 2300 كیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە.
ئەمە لە كاتێكدایە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تارانی پایتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری و هەروەها پارێزگا و ناوچە جۆربەجۆرەکان لە سەرانسەری ئێران بۆ سێیەمین رۆژی لەسەریەک بەردەوامە و ئێرانیش بە هەمان شێوە بە مووشەك و درۆن هێرشەكانی بۆ سەر شارەكانی ئیسرائیل بەردەوامە.