دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان
دەزگای ئاسایشی هەرێم:
ئەو هەواڵانەی باس لە بۆردومانکردنی گوندی هۆمەر قەوم دەکەن دوورن لە راستییەوە
964+
ژێوار خدر
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاگرێک لە گوندی هۆمەرقەومی سەر بە ناحیەی سورداشی سنووری قەزای دوکان، کەوتەوە و وابڵاوبووەوە ناوچەکە بۆردومان کراوە، دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دڵنیایی دایە هاوڵاتیان، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و هیچ بۆردومانێک نەکراوە، بەڵکو بەهۆی ئاگرەکەوە چەند پاشماوەیەکی جەنگی وەک مین تەقیونەتەوە.
دەقی راگەیاندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم:
ڕوونکردنەوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێم کاتژمێر ٢:١٠ ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠٢٥/٦/١٥ لەنزیک گوندی(هۆمەرقەوم )، بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر لەپوش و پاوانی ناوچەکە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە و تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنەکە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە. هەر ئەمڕۆ ٢٠٢٥/٦/١٥ کاتژمێر ٢:٣٥ نیوەڕۆ، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لەبناری ( چیای سورێن ) چەند پاشماوەیەکی جەنگی ( مین )تەقینەوە ، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و سەرجەم هێزەئەمنییەکان بەمەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەهەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی ناوچەکە. دەزگای ئاسایشی هەرێم دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان، ئەو هەواڵانەی باس لە بۆردومانکردنی ئەو ناوچەیە دەکەن دوورن لە ڕاستیەوە، بەهۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و تەقینەوەی( مین ) هەستیان بە دەنگی تەقینەوە کردووە.