بۆ شیراز و تەبرێز
مۆساد: هێرشە نوێیەکانمان لە ناوخۆی ئێرانەوە ئەنجامدا
964+
ئەحمەد مستەفا
دەزگاى هەواڵگریی ئیسرائیل “مۆساد” بڵاوی کردەوە، ئەو هێرشە نوێیانەی کە “نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئەنجامدرا” لە ناوخۆی ئێرانەوە ئەنجامدراون.
مۆساد باسی لەوەکردووە، هێرشە نوێیەکان بۆ سەر بنکەیەکى موشەکی سوپای پاسداران بووە لە شیراز و فڕۆکەخانەی تەبرێز.
ئەوە لە کاتێکدا، هەر ئەمڕۆ پێگەی واشنتن پۆست بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردەوە، چەند مانگێکە مۆساد بە دزییەوە موشەکی بردووەتە ناو ئێرانەوە.
چی روویداوە؟
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی لەپڕى بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و میدیاکانی ئێرانیش بیستنی دەنگی تەقینەوەیان لە تاران پشتڕاستکردەوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باری نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتەکەیدا راگەیاند و دوو بەرپرسی ئەمریکیش دەڵێن، ئاگاداری هێرشەکە بوون، بەڵام ئەمریکا بەشداریی تێدا نەکردووە.
دەنگى رۆیشتى موشەکەکان لەسەر ئاسمانى هەرێمى کوردستان هەستى پێکرا و بەشێک لە خەڵکى لە شیرینى خەو خەبەر کردەوە، لەگەڵ یەکەم دەنگى موشەکەکانیش نرخى نەوت فڕى.
هەر تۆزێک دواى هێرشەکە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە پاش هێرشە خۆپارێزییەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بکرێتە سەر ئیسرائیل و هاوڵاتییە مەدەنییەکانی.
لەبەر ئەم مەترسییەش، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانێکی تایبەتی دەرکرد و بارى نائاسایى لەسەرتاسەرى وڵاتدا راگەیاند و ئاسمانى وڵاتەکەشى داخست.
هەر لەو کاتەدا، موشەکەکان گەیشتنە تاران و چەند تەقینەوەیەکى یەک لەدواى یەکیان دروستکرد.
لەبارەى هێرشەکانەوە، دوو بەرپرسى ئەمریکى بە رۆیتەرزیان وتووە کە لە هێرشەکەدا ئەمریکا بەشدارى تێدا نەکردووە و هیچ کۆمەکێکى ئیسرائیلیشى نەکردووە.
بەپێى میدیاى ئیسرائیلى بێت، هێرشەکان بەوە ناوەستن و چەند هەفتەیەکى تر بەردەوام دەبن.
هەرچەندە قسەوباسى جیاواز دەکرێت لەبارەى شوێنى بە ئامانجگرتنى هێرشەکان، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن ئەو شوێنانەى بەئامانجگیراون، شوێنى مانەوەى بەرپرسانى سەربازى و ناوەندە سەربازییەکانن.
عێراقیش کە بەهۆى گروپە میلیشیاییەکانەوە بەرکەوتەیەکى رووداوەکانە، هەرزوو ئاسمانى وڵاتەکەى داخست، چونکە بەشێکى موشەکەکان لێرەوە تێپەڕین.