نرخى نەوتى بەرز کردەوە
گرژییەکانى ئێران و ئەمریکا لەبەرژەوەندى عێراقە
964+
وریا فەتاح
پەرەسەندنى گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، نرخى نەوتى بەرز کردەوە و لە بەیانییەوە سێ دۆلار چووەتە سەر نرخەکەى، هەرچەندە گرژییەکان لەناو خاکى عێراقەوە پەرەسەندنەکانى دەردەکەوێت، بەڵام عێراق قازانجییەتى.
باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا چۆڵى دەکات
بەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، لەکاتى کردنەوەى بازاڕى نەوت، نرخى هەر بەرمیلێک نەوتى برێنت بە 66 دۆلار و 77 سەنت بوو، بەڵام ئەمشەو بۆ 69 دۆلار و 50 سەنت بەرز بووەوە، هەرچى نەوتی خاوی تێكساسە، بەیانى بە 64 دۆلار و 93 سەنت بوو، بەڵام ئەمشەو بۆ 67 دۆلار و 88 سەنت بەرز بووەوە.
گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و کشانەوەی بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و ترسی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت دروستکردووە.
هەڕەشەکان و ئەگەرى گرژى لە ناوچەکە، وایکردووە کەمبوونەوەى خستنەڕووى نەوت بەتایبەت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە ناوچەیەکى سەرەکى بەرهەمهێنانى نەوتە لە جیهاندا، یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان بێت.
ئەگەرى داخستن یان سستبوونەوەى ئاڵوگۆڕەکان لە گەروى هورمز کە رێڕەوێکى ستراتیژى گواستنەوەى نەوتە، هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەى نرخى نەوت، هەربۆیە پسپۆڕانى ئابورى چاوەڕێ دەکەن بازاڕەکە لە رۆژانى داهاتوودا بەناجێگرى بمێنێتەوە.
هەرچەندە یەکەم ئامانجى هەڕەشەکە باڵیۆزخانەى ئەمریکایە لە دڵى عێراق، بەڵام عێراق وەک هەناردکارێکى سەرەکى نەوت کە داهاتەکەى پشت بە فرۆشى نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەى نرخەکەى لە قازانجە و دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى داهاتەکەى کە چەند مانگێکە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت، تاڕادەیەک تووشى کورتهێنانى دارایى بووە.