زاخۆ
53 وەرەقەى ساختە؛ فریا نەکەوت لە بازاڕدا ساغى بکاتەوە دەستگیریان کرد
964+
وریا فەتاح
پۆلیسى زاخۆ، دەستگیرکردنى تۆمەتبارێکى راگەیاند کە پێنج هەزار و 300 دۆلارى ساختەى پێبووە و نیازى بووە، قەرەباڵغى جەژن بکاتە دەرفەت بۆ ئەوەى لە بازاڕدا ساغى بکاتەوە.
موقەدەم ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژى پۆلیسى زاخۆ رایگەیاند، لەلایەن تیمەکانى نوسینگەى نەهێشتنى تاوان، لێکۆڵینەوەکرا و پلانى تۆمەتبارێک پوچەڵکرایەوە کە دەیویست دۆلارى ساختە لە بازاڕدا ساغ بکاتەوە”.
ئاشکراشى کرد، بڕى 5 هەزار و 300 دۆلارى ساختەى لە دەرەوەى وڵاتەوە هێناوە بۆناو بازاڕى زاخۆ، لە کاتى دەستگیرکردن 300 دۆلارى پێ گیراوە و ئەوەى تریشى شاردبووە و دواتر دانى پێداناوە.
تۆمەتبار دانیشتووى زاخۆیە، وەک ئەوەى ئەحمەد رەمەزان باسى دەکات، بەبەڵگەى ساختەکارییەوە رەوانەى بەردەم دادوەرکراوە و بەپێى مادەى 208 لە یاساى سزادان دەستگیرکراوە.