وێنە و ڤیدیۆیان دەگیرێت

یاساکان لە هەرێم و عێراق؛ ناتوانن ئەو کەسانە بپارێزن کە هاوکارى کۆمەڵایەتیان بەسەردا دابەش دەکرێت

964+

دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

بەپێى توێژینەوەیەک کە بۆ پرسى دابەشکردنى هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامدراوە، دەردەکەوێت کە لە هەرێمى کوردستان و عێراقدا، کۆمەڵێک یاسا هەن بۆ هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام نەیانتوانیوە هەست و کەسایەتى ئەو کەسانە بپارێزن کە هاوکاریان بەسەردا دابەش دەکرێت.

توێژینەوەى باشترکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان کە رێکخراوى پاسەوان بە هاوکارى پەیمانگاى پەرەپێدانى توێژینەوەى بەریتانى (IDS) ئەنجامیداوە، سەرنجى تەواوى لەسەر بارودۆخى ژیانى ئەندامانى گرووپە پەراوێزخراوەکانى کۆمەڵگە و ئەزموونیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى دەخاتە ڕوو.

گروپە پەراوێزخراوەکان کێن؛

ئەو کەسانەن کە خاوەن پێداویستى تایبەت و خەڵکانێکن کە پێویستیان بە هاوکارى کۆمەڵایەتییە بەتایبەت گەنجانى پەراوێزخراو و دورە دەستەکانى دەرەوەى شارەکان

دانا جەمیل، رێکخەرى پڕۆژەکە بە 964ـى وت،” توێژینەوەکە بە شێوەیەکى مەیدانیى و بە بەشداریی گرووپێک لە ژنانى خاوەنپێداویستیى تایبەت و گرووپێک لە گەنجان ئەنجام دراوە، تیشک دەخاتە سەر کاردانەوە نەرێنییە دەروونیى و کۆمەڵایەتیی و سۆزدارییەکانیان و ئەو شکستانەى رووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتى وەرگرتنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا”.

ئەوەى پڕۆژەکە پێى گەیشتووە، یاساگەلێکى زۆر لەو بوارەدا هەیە لە هەرێم و عێراق، بەڵام وەک ئەوەى دانا جەمیل باسى دەکات، نەیانتوانیوە کەسایەتى ئەو کەسانە بپارێزن کە هاوکاریان پێشکەش دەکرێت، چونکە وێنە و ڤیدیۆیان بڵاو دەکرێتەوە.

لە پڕۆژەکەدا، پاسەوان گەیشتوون بە چەند راسپاردەیەک بۆ باشترکردن و رێکخستنەوەى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان و عێراق بە تایبەت لە پاراستنى شکۆمەندى ئەو کەسانەى هاوکاریان پێدەدرێت، یان لەو بەربەستانەى دێنە بەردەم گروپە پەراوێزخراوەکان و گرفت و کێشە یاساییەکان بۆ ئەو بابەتە.

بە وتەى دانا جەمیل کە بۆ 964 قسەى کردووە، کۆى راسپاردەکان و سەرنجە یاساییەکانیان دەدەن بە هەردوو پەرلەمانى هەرێم و عێراق و هەردوو حکومەتى بەغدا و هەولێر.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئەو کەسانەى هاوکاریى کۆمەڵایەتى وەردەگرن دڵنیانین لە ...

ئەو کەسانەى هاوکاریى کۆمەڵایەتى وەردەگرن دڵنیانین لە پاراستنى شکۆیان