مووچەیان وەرنەگرتووە

سێ رۆژە ژینگەپارێزانی ناحیەی شێلادزێ بایکۆتیان کردووە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان سێ رۆژە ژینگەپارێزانی ناحیەی شێلادزێ بایکۆتیان کردووە و کارەکانیان راگرتووە، نوێنەری کۆمپانیای هێزل لە ناحیەکەش دەڵێت، بەشێکیان پێش جەژن مووچەیان وەرنەگرتووە بەهۆی نەبوونی پارە لەنەختینەی بانکەکاندا.

نزیکەی 20 ژینگەپارێزی ناحیەی شێلادزێ بایکۆتیان کردووە و ماوەی سێ رۆژە زبڵ و خاشکانی بەردەم ماڵان و شەقامەکان هەڵنەگیراوەتەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە  پێنەدانی مووچەی چەند مانگێکیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11.6.2025، خالد ئورەماری نوێنەری کۆمپانیای  پاککەرەوەی هێزڵ لە ناحیەی شێلادزێ بە 964ـی وت، راستە بەشێک لە ژینگەپارێزانی ناحیەکە کە ژمارەیان نزیکەی 20 کەسە بایکۆتیان کردووە بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیانەوە.

وتیشی، پێش جەژن مووچەی بەشێکی ژینگەپارێزان دابەشکرا، بەڵام ئەوانەی مووچەیان وەرنەگرتووە پێش جەژن بەهۆی نەبوونی پارە بووە لەبانکەکان و لە جەژنیشدا دەوامی فەرمی نەبووە.

باسی لەوەشکرد، لەسەر خەتن بۆ ئەو بابەتە و هەوڵ دەدەن لەم هەفتەیەدا یان تا هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو ژینگەپارێزانەی وەریانەگرتووە دابەش بکرێتەوە.

رۆژانە ناحیەی شیلادزێ لە سنووری قەزای ئامێدی لەلایەن زیاتر لە 60 ژینگەپارێزەوە پاک دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

سێ رۆژە ژینگەپارێزانى دوکان بایکۆتیان راگەیاندووە

سێ رۆژە ژینگەپارێزانى دوکان بایکۆتیان راگەیاندووە