دیمەنێك لە گرژییەكانی لۆس ئەنجلیس لە ئەمریكا، فۆتۆ: ئاژانسەكان
لۆس ئەنجلیس
لە ئەمریكا شەڕە و ترەمپ دوو هەزار سەربازی هێناوەتە سەر شەقام
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمب فرمانی دەركرد دوو هەزار سەربازی گاردی نیشتمانی لە لۆس ئەنجلیس بێنە ناو شار، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو هەڵمەتەی بۆ دەستگیركردنی كۆچبەرە نایاساییەكان دەستیانپێكردووە
تۆم هۆمان بەرپرسی سنوور لە ئیدارەی ترەمپ بە تۆڕی فۆكس نیوزی راگەیاندووە، وادەكەن لۆس ئەنجلیس زیاتر سەقامگیر و ئارام بێت.
لۆس ئەنجلیس سەر بە ویلایەتی كالیفۆرنیایە و لە دوو رۆژی رابردوودا شەڕ و بەیەكدادانی گەورەی لە نێوان دانیشتووانی شارەكە، كە زۆربەیان خەڵكی ئەمریكای لاتینن، لەگەڵ هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیی سەر بە فەرمانگەی كۆچ و گومرگ بەخۆیەوەبینی، پۆلیس گازی فرمێسكڕێژی بۆ بڵاوەپێكردنی گردبوونەوەی هاوڵاتیان بەكار هێنا، بە تایبەتی لە ناوچەی پاراماونت.
هەروەها بە پێی میدیای ئەمریكا، 118 كەس لەم هەفتەیەدا لە لۆس ئەنجلیس دەستگیركراون، ئەمەش لە ئەنجامی گەڕان و پشكنینی هێزەكانی پۆلیس بۆ كۆچبەرانی نایاسایی.
حاكمی كالیفۆڕنیا جاڤیم نیۆسۆم ئەو هەڵمەت و دەستگیركردنانەی ئیدانە كرد و بە “توندوتیژ” ناوی بردن.
هاوكات ئەو بەرپرسەی ویلایەتەكە دوێنێ شەممە بۆ ماوەی 40 خولەك بە تەلەفۆن لەگەڵ ترەمپ قسەی كردووە، هەروەك وتەبێژ بەناوی ویلایەتی كالیفۆرنیا بە تۆڕی سی بی ئێس نیوزی راگەیاندووە، بەڵام وردەكاری لە بارەی گفتوگۆیەكە باس نەكراوە.
ئەمریكا بڕیاری داوە كۆچبەرە نایاساییەكان دەستگیر بكات و دیپۆرتیان بكاتەوە، بە گوێرەی میدیای ئەمریكاش، لە ناوچەی پاراماونت لە لۆس ئەنجلیس ژمارەیەكی زۆری كۆچبەری نایاسایی خۆیان لە ناو گەڕەك و بازاڕەكان حەشار داوە و لە ترسی دەستگیركردن ناوێرن بێنە دەرەوە.
ناوچەی پاراماونت 80%ی دانیشتووانەكەی بە رەسەن ئیسپانیین.