نەخۆشخانەى فێرکارى شەهیدانى قەڵادزێ... وێنە: پەڕەى فەرمى نەخۆشخانەکە
کێشە بۆ فریاکەوتن دروستبووە
لە قەڵادزێ پزیشکانى نیشتەجێى خولاو بایکۆتیان راگەیاند
964+
وریا فەتاح
سەرجەم پزیشکانى پزیشکانى نیشتەجێى خولاو لە فریاکەوتنى قەڵادزێ بایکۆتیان راگەیاندووە و لە ئێستادا تەنیا کارمەندانى فریاکەوتن بەراوێژ حاڵەتە بەپەلەکان دەبینن.
لە روونکردنەوەیەدا لێپرسراوى بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى فێرکارى شەهیدانى قەڵادزێ رایگەیاندووە، ئەمڕۆ 7.6.2025، سەرجەم پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لەسەرجەم نەخۆشخانەو فریاکەوتنەکان بەفریاکەوتنی قەڵادزێشەوە مانگرتنیان لەکارەکانیان راگەیاند.
وەک باسى دەکات، لەئێستادا تەنیا کارمەندانی فریاکەوتن بەڕاوێژ لەگەڵ پزیشکانی پسپۆڕ حاڵەتی تۆب ئیمێرجنسی دەبیندرێن، وەک جەڵدە، رووداوی هاتووچۆ، برینداری، بەربوونەوە، گەشکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تا جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان کە خۆى دەبینێتەوە لە دامەزراندنى پزیشکانى دەرچووى ساڵى پار و وەستاندنی سیستمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندی.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئەمڕۆوە پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بایکۆتکردنی سەرتاسەریی دەوامیان لە نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان راگەیاندووە. ئەوان دەڵێن، بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی نوێ و گۆڕینی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، گەیشتوونەتە “بنبەست”..