رەزامەندیی لەسەر420 هەزار فۆڕم دراوه

فۆڕمەكانی وەرگرتنی زەوی بۆ فەرمانبەران لە قۆناغی كۆتاییدایە

964+

محەمەد فاتیح

چەندین مانگه داوا لە وەزارەت و دامودەزگەكان كراوە فۆڕم و بەڵگەنامەی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بنێرن، 20ـی ئەم مانگەش دوا وادەیە و پێویستە دەستوبرد بكرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە كارەكانی لێژنەی وردبینیكردنی فۆڕمەكانی وەرگرتنی زەوی لە قۆناغی كۆتاییدایە و تاكو ئێستاش 420 هەزار فۆڕم ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگیراوە و 20ـی ئەم مانگەشی وەك دوا وادە دەستنیشانكردووە داوا دەكات سەرجەم وەزارەت و دامودەزگەكان بەڵگەنامە و فۆڕمەكانیان بهێنن، چونكە دوای ئەو وادەیە هیچ فۆڕمێك بۆ پێدانی زەوی وەرناگیرێت.

نووسراوەكە ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگەكانی حكوومەت كراوه و تێیدا ئاگادار كراونەتەوە كە ڕێكەوتی 20.6.2025 دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی فۆڕم و تەواوكردنی كەموكوڕییەكان و هێنانی بەڵگەنامە پێویستەكان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێچەوانەوە دوای ئەو وادەیە، هیچ فۆڕمێكی دیكە وەرناگیرێت.

دەشڵێت، “دوای بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران/ ڕێزدار جەنابی سەرۆكوەزیران، تایبەت بە پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن لێژنەیەكی وردبینییەوە كاری وەرگرتن و وردبینیكردنی فۆڕمەكانی دەستپێكرد و تاكو ئێستا زیاتر لە (420000) چوارسەد و بیست هەزار فەرمانبەر و خانەنشین ناوەكانیان وەردبینیان بۆ كراوە و رەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تەرخانكردنی زەوی تەواو بووە و ئاراستەی شارەوانییە پەیوەندیدارەكان كراوە و ئێستاش لێژنەكە كارەكانی لە قۆناغی كۆتاییدایە”.

“ماوەی نزیكەی 8 مانگ زیاترە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لە وەزارەت و دامودەزگەكان كردووە كە فۆڕم و بەڵگەنامەی فەرمانبەرانیان بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ لێژنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بنێرن، بەڵام تا ئێستا لە ناردنی فۆڕمەكان كەموكوڕی هەیە، بۆیە تا 20ی ئەم مانگە وەكو دوا وادە بۆ ناردنی بەڵگەنامە و فۆڕەكان دیاریكراوە و دواتر فۆڕم وەرناگیرێت و پرۆسەی وردبینیكردن كۆتایی دێت”.