سبەینێ تەندروستی بەدواداچوونی بۆ دەکات
له كۆیه چه‌ندین مانگا به مردارەوەبوو له‌سه‌ر رێگایه‌كی گشتى فڕێدراون
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له‌سه‌ر رێگایه‌كى سه‌ره‌كى له كۆیه چه‌ندین مانگاى مردارەوەبوو فڕێدراون، ته‌ندروستى كۆیه دره‌نگ به‌و بابه‌ته‌یان زانیوه و به‌نیازه سبه‌ى تیمێكى خۆپاراستن بنێرێته ئه‌م شوێنه.
دیمه‌نى فڕێدانى ئه‌م مانگایانه له گرته‌ڤیدیۆیه‌ك ده‌بیندرێن، كه هاوڵاتییه‌كى وه‌ک رێبوار به‌وێداتێپه‌ڕیوه‌و ئه‌م مانگایانه‌ى بینیون، ئه‌وه‌ى دیمه‌نه‌كه‌ى تۆماركردووه و ده‌ڵێت، نزیكه‌ى هه‌شت مانگا ده‌بن.
ئاماژه‌ى به‌وەش كردووه، ئه‌و شوێنه‌ى مانگایه‌كانى لێ فڕێدراون ده‌كه‌وێته پشت حه‌ساره‌كانى شه‌وگێڕ له ده‌شتى كۆیه.
964 په‌یوه‌ندی به هاوكار عه‌لى وته‌بێژى ته‌ندروستى كۆیه كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى وه‌ڵام نه‌دایه‌وه، له په‌یوه‌ندییه‌كدا سه‌رچاوه‌یه‌ك له ته‌ندروستى كۆیه به 964ـى وت، ڤیدیۆى مانگا فڕێدراوه‌كانیان به‌دره‌نگه‌وه به‌ده‌ست گه‌یشتووه و پلانیان وایه سبه‌ینێ تیمێک سه‌ردانى شوێنه‌كه بكه‌ن بۆ زانینى هۆكارى مردنیان و هه‌مان كاتیش بزانن خاوه‌نى مانگاكان كێیه و یه‌كه‌م كاریش بیكه‌ن داپرشینى مانگاكانه.
وتیشی، “فڕێدرانى ئه‌م مانگایانه سه‌رپێچى ته‌ندروستیی و ژینگه‌ییه و له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ى كاره‌كه‌ى كردووه لێپرسینه‌وه ده‌كه‌ین”.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ناو به‌ڕێوه‌برایه‌تى گشتیى ته‌ندروستیى كۆیه، رێكاره‌كانى رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى تاى خوێنبه‌ربوون جێبه‌جێ كرا، ئه‌ویش دابه‌شكردنى به‌دله‌ى تایبه‌ت بوو به‌سه‌ر گۆشتفرۆشانى قه‌زاكه و سه‌رچاوه‌كه‌ش ده‌ڵێت، “بڕیارى پێدانى ئه‌م به‌دله‌یه به گۆشتفرۆشان سه‌رتاسه‌رى نییه و ته‌نیا له كۆیه جێبه‌جێ كراوه”.