دیمەنێکی سایلۆی رۆڤیا. وێنە؛ سۆشیال میدیا
لە پارێزگای دهۆک 118 هەزار تۆن وەردەگیرێت
لە شێخان و بەردەڕەش هەفتەی داهاتوو گەنمی جوتیاران وەردەگیرێت
964+
شۆڕش قادری
ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە دەڤەری شێخان و بەردەڕش دەستیپێکرد و لە هەفتەی داهاتووەوە دەرگای سایلۆی رۆڤیا دەکرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ دووشەممە 2.6.2025 لە بەڕێوەبەڕایەتی ناحیەی شێخان کۆبوونەوەیەک بەبەشداری ماجد سەید ساڵح جێگری پارێزگاری دهۆک و سیروان رۆژبەیانی جێگری پارێزگاری موسڵ و هەردوو بەڕێوەبەری ناحیەکانی شێخان و بەردەڕەش، سەردار شێخ یەحیا و بڕوا فاروق ئەنجام دراوە و تیایدا ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران تاوتوێ کراوە.
دوای کۆبوونەوەکە جێگری پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەرگای سایلۆی رۆڤیا دەکرێتەوە و گەنمی جوتیارانی شێخان و بەردەڕەش وەردەگرێت.
سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە جوتیارانی پارێزگای دهۆک، ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـی وت، “تا ئێستا دیار نییە کەی دەست دەکرێت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، بەڵام پێدەچێت چەند رۆژێک دوای جەژن، ئێمەش دەرگای سایلۆکان بکەینەوە”.
وتیشی، بۆ ئەمساڵ بڕیاریانداوە 118 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی پارێزگای دهۆک وەربگرن.