هاوڵاتییەک دەنگەکەی دەخاتە نێو سندوقی دەنگدانەوە - فۆتۆ: بۆ 964 نێردراوە
موژدەیەک بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان
بۆ وەرگرتنی پشتگیری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقی هەڵبژاردن پارەتان لێ وەرناگیرێت
964+
شۆڕش قادری
دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ وەرگرتنی پشتگیری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارەتان لێ وەرناگیرێت و بەخۆڕایی کارەکەتان بۆ رایی دەکرێت.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بە 964ـی وت، “لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی 2025 و ئەو رێککارانەی بۆ هەڵبژاردنی کارمەندانی سەرسندوقی دەنگدان پەیرەو دەکرێن، بڕیار درا بە بەخشینی رسوماتی داواکردنی پشتگیری بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، بەمەبەستی پێشکەشکردن بۆ بوون بە کارمەندی سەرسندوق لە رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لەلایەن ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و لەپێناو رەخساندنی دەرفەت بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان دەرکراوە و لە گشتاندنێکدا ئاراستەی هەموو زانکۆ حکومییەکانی کوردستان کراوە.
عەباس ئەکرەم وتیشی، پێشتر بۆ پشتگیری و پێدانی بڕوانامە بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوق بڕی 30 هەزار دینار و بۆ کۆمپانیاکانیش بڕی 60 هەزار دینار لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرا.