بەغدا؛ بانکی ناوەندی عێراق _ وێنە: ئاژانسەکان
"یەدەگی دراوی بیانی 100 ملیارە"
بانکی ناوەندیی عێراق: دەنگۆی نەمانی نەختینە دوورە لە راستییەوە
964+
ژووری هەواڵ
بانکی ناوەندی عێراق دەنگۆی کەمی و نەمانی نەختینە رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، یەدەگی دراوی بیانی 100 ملیار دۆلاری تێپەراندووە.
ئەمرۆ دووشەممە 2.6.2025، محەمەد یونس، بەرێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی رایگەیاند، چ بە دیناری عێراقی بێت یان دۆلاری ئەمریکی، نەختینەی پێویست لەبەر دەستدایە و دەنگۆی کەمی و نەمانی نەختینەی لە بانکی ناوەندی راست نییە.
بە وتەی ئەو بەرپرسی بانکی ناوەندی، یەدەگی دراوی بیانی بانکەکە 100 ملیار دۆلاری تێپەراندووە و یەدەگی زێریش گەیشتووەتە 163 تۆن.
“عێراق ئێستا لەسەر رێرەوێکی دروستی ئابوورییە و یەدەگی بیانی عێراق و بەشێوەیەکی دروست و زانستی و پێوەرە جیهانییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”، بەرێوەبەرەکەی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندی عێراق، وا دەڵێت.