بەرپرسی شاندی تەندروستیی حاجیانی هەرێم بۆ 964

تەندروستی حاجیانی هەرێم چۆنە؟

+964

ئاکام غەفور-سۆران

حاجیانی كوردستان تەندروستیان باشە و هەر گرفتێکی تەندروستیان هەبێت، تیمێكی تەندروستی چارەسەریان بۆ دەکەن، رۆژانە بە پێنج نۆرینگە زیاتر لە 250 حاجی چارەسەر دەکەن، ئەمە قسەی ئەندامێكی تیمی تەندروستیی حاجیانی كوردستانە بۆ 964.

ئەمساڵ لەگەڵ حاجیانی هەرێم، 25 کارمەندی تەندروستی کە 15 دکتۆری پسپۆڕ و 10 کارمەندی تەندروستین، سەردانی سعودیان کردووە بۆ ئاگادار بوون لە رەوشی تەندروستی حاجیان.

دکتۆر کامەران مەلا محەمە شێروانی، بەرپرسی شاندی تەندروستیی حاجیانی هەرێم، قسەی بۆ 964 کرد و وتی،”بە گشتی حاجیەکان تەندروستیان باشە، ئەو کەسانەی رۆژانە چارەسەر وەردەگرن ئەوانەن، کە توشی ئەنفڵوەنزا یان گرژبوونی ماسوڵکەکان دەبن بەهۆی زۆریی تەمەنیانەوە”.

وتیشی، ژمارەیەک نەخۆشی درێژخایەنمان هەیە، کە رۆژانە چارەسەر وەردەگرن، تا ئێستاش چوار حاجی پێویستیان بە خەواندن بووە لە نەخۆشخانەکانی سعودیە، بەڵام هیچ حاجییەک نییە بەهۆی نەخۆشی نەتوانێت فەریزەی حەج بەجێ بگەیەنێت.

زیاتر لە پێنج هەزار حاجی لە  کوردستان سەردانی سعودیەیان کردووە بۆ فەریزەی حەج، تەواوی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ئەمبولانسیان بۆ دابینکراوە، رۆژانەش رێنمایان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی تەندروستیان باش بێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا