کاتی دابەشکردنی پرسیارەکانی پۆلی 12 لە سلێمانی - وێنە؛ پەروەردەی سلێمانی
کاتژمێر 4:30ـی بەرەبەیان پرسیارەکان دابەش کران
115 هەزار و 787 قوتابی پۆلی 12 تاقیکردنەوە دەکەن
964+
شۆڕش قادری
تاقیکردنەوەی وزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەر سێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەییەوە دەستیپێکرد و 115 هەزار و 787 قوتابی چوونەناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.
هەردی مەعروف بەڕێوەبەری ئەزموونەکان بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە 1.6.2025، 115 هەزار و 787 قوتابی لە سەرتاسەری هەرێم بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن و 20 هەزار و 17 هۆڵی ئەزموونی دابینکراون بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان”.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانیش، لەو سنوورە 26 هەزار و 215 قوتابی و خوێندکار بەسەر 385 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەشکراون و سێ هەزار و 81 سەرپەرشتیار و بەرێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێر و كارگوزاریش سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان دەکەن.
لەو ژمارەیە 19 هەزار و 779 قوتابی بەشی زانستین، پێنج هەزار و 337 قوتابی بەشی وێژەیی و بەشی پیشەییش، هەزار و 99 قوتابین.
کاتژمێر 4:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ دەستکرا بە دابەشکردنی پرسیارەکانی یەکەم رۆژی تاقیکردنەوە گشتیەکانی خولی یەکەمی قۆناغی 12 ی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانییەوە و رۆژی 29ـی ئەم مانگەش، دوایین رۆژی تاقیکردنەوەکانە.