دیمەنێک لە نەشتەرگەرییەک. فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
سلێمانی
دڵی لەكاركەوت و نەشتەرگەری بۆ كرا و لە مردن رزگار كرا
964+
محەمەد فاتیح
نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی دڵ لە سلێمانی لە مردن رزگار كرا، دوای ئەوەی دڵی لە كاركردن وەستا و دوای هەوڵی پزیشک و كارمەندانی نەخۆشخانەكە، ژیانی بۆ گەڕایەوە.
وەک دەڵێن رۆح شیرینە و ئەوەی گیانی كەسێك رزگار بكات وەك ئەوە وایە گیانی هەموو مرۆڤی سەر زەوی رزگار كردبێت، ئەمەش بۆ كارمەندانی نەخۆشخانەی پسپۆڕییەكانی دڵ لە سلێمانی گونجاوە لە كاتێكدا نەخۆشێكیان لە مردن رزگار كرد.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.5.2025 بڵاویكردەوە، پاش ئەوەی نەخۆشێك لە قەزای شارەزوورەوە رەوانەی نەخۆشخانەی دڵ لە شاری سلێمانی كرا بە گومانی جەڵتەی دڵ، بەدەم رێگەوە بۆ نەخۆشخانە دڵی لەكاركەوت، بەڵام پاش ئەنجامدانی فریاگوزاریی سەرەتایی لەناو ئەمبوڵانس و گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی دڵ، توانر نەشتەرگەری پێویستی بۆ بكرێت و ژیانی لە مردن رزگاركرا .
چرۆ سابیر پزیشكی پایەبڵندی دڵ و قەستەرە لە نەخۆشحانەكە وتی، “نەخۆشەكە كاتێك گەیشتووەتە لای ئێمە دڵی لە لێدان كەوتبوو بە تەواوەتی، كارمەند و پزیشكەكانمان دەستیان كردووە بە فریاگوزاری سەرەتایی و چەند جارێكیش كارەبایان لێداوە تا كارەبایی دڵی بگەڕێتەوە شوێنی خۆي و پاشان سۆندەی هەناسەی دەستكردیان بۆ داناوە”.
دەشڵێت، “دوای ئەوەی بۆمان دەركەوت جەڵتە لێی داوە و دەماری دڵی بە تەواوەتی لە 100% گیراوە بەكتوپڕی قەستەرەی بۆ كراوە و شەبەكە و باڵۆن بۆ دەماری لای راستی دڵی دانراوە و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بە تەندروستییەكی زۆر باشەوە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە”.