تۆڕی هاوپەیمانی19
لە هەڵەبجە ئاستەنگ خراوەتە بەردەم وەرگرتنی زانیاری
964+
محەمەد فاتیح
بەدەستهێنانی زانیاری لە دامودەزگاكانی حكومەت مافێكی سەرەكی رۆژنامەنوسان و راگەیاندنكارانە، بەڵام تۆڕێكی داكۆكیكەر لە ماف و ئازادی دەڵێت لە هەڵەبجە ئاستەنگ خراوەتە بەردەم وەرگرتنی زانیاری.
تۆڕی هاوپەیمانی19 بڵاویكردەوە نیگەرانە لە ئاستەنگەكانی بەردەم وەرگرتنی زانیاری لە هەندێك لە فەرمانگەكانی حكومەت لە پارێزگای هەڵەبجە و داوا دەكات بەربەستەكانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لاببرێت، چونكە شاردنەوەی زانیاری، رێگە خۆشدەكات بۆ تەشەنەكردنی گەندەڵی و چەواشەكاری و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست.
روونیشیكردەوە رێكخراوی هەڵوێست، رێكخراوێكی ناحكومییە، لە شاری هەڵەبجە و له ساڵی 2011 مۆڵەتی رەسمی وەرگرتووە و یەكێك لە پرۆژەكانیان بەدواداچوونە بۆ كار و چالاكییەكانی حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە و چاودێری ئاستی خزمەتگوزاری فەرمانگەكان و پرۆژەكانیان دەكات لەو پارێزگایە، بەڵام ماوەیەكە ئاستەنگ بۆ پرۆژەیەكی ئەم رێكخراوە دروستبووە، كە پێنەدانی زانیارییە لە هەندێ دامەزراوەی فەرمی.
“پێویستە بەڵگەنامە و ئامارە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم بخرێنە خزمەتی هاوڵاتیان، میدیاكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و پسپۆران، تاوەكو ببنە هاوبەش لە پرۆسەی رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی” تۆڕی هاوپەیمانی19 واى وت.
تۆڕی هاوپەیمانی19، لەلایەن كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە و سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.