وەزارەتی تەندروستی - وێنە: 964
لە ساڵۆنی ژنان كاریان كردووە
سێ حاڵەتی ئەیدز لە هەرێم دەستنیشانكران
964+
محەمەد فاتیح
وەزارەتی تەندروستيی هەرێم بڵاویكردەوە دوای پشکنینی تاقیگەیی رۆژانە بۆ کارمەندانی شوێنە گشتییەکان و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی، لەلایەن تاقیگەی تەندروستیی گشتیيەوە ، سێ حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ئەیدز لەلایەن تیمەکانی ئەیدز دەستنیشانکران، کە لە ساڵۆنەکانی ژنان کاریان دەکرد و هەموویان بیانی بوون و لایەنی پەیوەنداری لێ ئاگادارکرایەوە و رێککاری پێویست وەرگیرا.
وەزارەتی تەندروستيی داوایەک ئاراستەی هاوڵاتیان دەكات و دەڵێت، “هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە خۆیان دوور بگرن لە شوێنی نافەرمی، پێویستە سەردانی شوێنی فەرمی بکەن و لە شوێنە گشتییەکان پرسیاری مۆڵەتی تەندروستی بکەن و لە هەر گومانێک لە نەبوونی مۆڵەت یان دیاردەیەکی ناتەندروست، ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە لە رێگەی هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی یان سندوقی سکاڵا، تیمەکانی تەندروستی ئاگادار بکەنەوە”.
وەزارەتەکە دەڵێت، بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان، چاودێریی هەموو شوێنەكان دەكرێت و رێککاری یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ هەر شوێنێک، کە بێ مۆڵەتی تەندروستی یان مۆڵەتی بەسەرچووبێت و کاربکات.
لە ساڵی 2023 نزیکەی 600 هەزار پشکنینی ئەیدز له هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، کە تێیاندا 72 حاڵەتی ئایدز دەستنیشانکراون، کە زۆربەیان کەسانی بیانی بوون، دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە رەوانەی وڵاتی خۆیان کراونەتەوە.