رەشەبا کۆتایی دێت و خۆڵبارین ده‌مێنێت
لە سبەینێوه ئەگەری تاوە باران و هەورە بروسک هەیه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شاره‌زایه‌كی كه‌شناسی ده‌ڵێت، رەشەبا کۆتایی دێت و دونیا به‌ره‌و فێنكبوونه‌وه ده‌ڕوات، لە سبەینێشه‌وه تاوه‌كو کۆتایی هەفتە ئەگەری تاوە باران و هەورە بروسک هەیه.
شاڵاو هیدایەت، شاره‌زای كه‌شناسی ده‌ڵێت، پێشبینی دەکرێت لەسبەی سێشەمەوە ئەو رەشه‌بایەی چەند رۆژێکه ناوچە جیاوازه‌کانی گرتووه‌تەوە کۆتایی پێبێت و ئاڕاستەی با بگۆڕێتەوە بۆ خۆرئاوا و باشوری خۆرئاوا.
بەهۆی هەوری هەڵگەڕاوەش لەئێران و تورکیاوە لە سبەینێوه تاکۆتایی هەفتە لەهەندێ ناوچە ئەگەری تاوە باران و هەورە بروسک هەیه بەتایبەت ناوچه شاخاویه کوێستانەکان.
به‌قسه‌ى ئه‌م شاره‌زایه، بۆ رۆژانی پێنجشەممەو هەینی و شەممە، نزمە پەستانێکی جەمسەری بە تەوژمە هەوای تارادەیەک ساردەوە داده‌بەزێت بۆ سەر خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و تەواوی وڵاتان و ناوچەکانی دەوروبەری و بەوهۆیەوە کارتێکەر دەبێ لەسەر ناوچەکانی ئێمەش، ده‌شڵێت “پله‌کانی گەرما لەتەواوی ناوچەکانمان دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و بەڕێژەی 6 تاوه‌كو 7 پلەی سلیزی داده‌بەزن”.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا بەهۆی سیستەمی نزمه پەستان لەسەر دەریای ناوەڕاست، جوڵەو ئاڕاستەی با لەخۆرئاواو بەرە و ناوچەکه دەگۆرێت و بڕێک خۆڵبارین لە بیابانەکانی عێراق و سوریا لەگەڵ خۆی دێنێتە ئه‌م ناوچه‌یه، بەتایبەتیش لە کۆتاییه‌کانی هەفتە، له رۆژانى پێنج شەمەو هەینی خۆڵبارینەکه زیاتر دەبێت .