لۆگۆى وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم
بۆ مانگى پێنج
زیاتر لە پێنج هەزار خانەنشین خرانەوە لیستى موچە
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى دارایى و ئابوورى رایدەگەیەنێت، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ خێرا راییکردنى مامەڵەى خانەنشینان، دەشڵێت، بۆ لیستى موچەى مانگى پێنج، زیاتر لە پێنج هەزار خانەنشینى نوێ خراونەتەوە لیستى موچە.
وەزارەتى دارایى لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورى چەندین رێکار و هەنگاوی پێویست بۆ خێرا راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان گیراونەتە بەر، لە چوارچێوەی ئەوەشدا داوا لەسەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کراوە کە لەسەر بنەمای فۆڕمی زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە رەوانە بکەن کە تەمەنی یاساییان لە خزمەت تەواوبووە و بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق رەوانەی خانەنشینی دەکرێن.
دەشڵێت: لە ئەنجامی ئەو رێکارانەی لە دوو مانگی رابردوو گیرانەبەر، توانراوە بۆ لیستی مووچەی مانگی ئایار پێنج هەزار و 261 خانەنشینی نوێ داخڵی لیستی مووچە بکرێنەوە.
ئاشکراشى کرد، دوێنێ لەگەڵ لیستى موچەى مانگى ئایار، ناوى ئەو خانەنشینانە رەوانەى وەزارەتى دارایى فیدڕالکراوە تا لەگەڵ مووچەی مانگی ئایار مووچەی مانگەکانی رابردووشیان بۆ خەرج بکرێتەوە بە پێی ئەو تەرخانەی لە ساڵی 2025 بۆیان جێگیرکراوە.
