دەبێت ببنە یاسایی
مایک و پەیجی عەشیرەت و مارکێتەکان لە زاخۆ نامێنن
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان – لقی زاخۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 25.5.2025 لەگەڵ ژمارەیەک مایک بەدەستی نافەرمی کۆبوونەوە، کە بۆ پەیجی عەشیرەت و گوند و بنەماڵە مایک هەڵدەگرن و پەیجیان داناوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسای کاری رۆژنامەوانی لەناو بۆنە و پرسەکان و سەیرانی بنەماڵەکان لێدوان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی جیاجیان دەکەن.
دەمێکە دیاردەی دروستکردنی مایک بە لۆگۆی عەشیرەت و بنەماڵە لە زاخۆ بووەتە دیاردە، لەم دواییانەدا ئەو بنەماڵانەی مایکیان نەبوو لەهەوڵدابوون مایک دروست بکەن، نووسینگەی زاخۆش بە دەرفەتیان زانی لە رێگەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانەوە هەڵوێستێک وەربگرن.
محەمەد سەدیق، بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەنووسانی زاخۆ بە 964 وت، دەستپێشخەریمان کرد و خوشبەختانە خاوەنی ئەو مایک و پەیجانە بەدەم داواکەمان هاتن و لە رووی یاساییشەوە لە مەترسی هەڵەکان ئاگادارکرانەوە، ئەگەر پێگیرنەبوون ئەوا لە رێگەی پارێزەری نووسینگەکەمانەوە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر.
وتیشی، ئەگەر دەیانەوێت بە شێوازێکی فەرمی کار بکەن، با داوای مۆڵەت بکەن و ئێمەش لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە داواکانیان دەگەیەنین.
نزار سەلیم، یەکێکە لەو کەسانەیە کە پەیجی هەیە و مایک بەدەستە بۆ یەکێک لە عەشیرەتەکان، بە 964ی وت، “دەستخۆشی لە سەندیکای رۆژنامەنووسان دەکەم، لەمەودوا مایک بە شێوەی نایاسایی بەکارناهێنم و هەوڵدەدەم پەرە بە تواناکانم بدەم و لە میدیایەکی فەرمی کار بکەم.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا