"بازگەکان ئەمساڵ زۆر باش بوون"
لە کەرکوک دەستکرا بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە کەرکوک دەستکرا بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و ئیدارەی شارەکەش دەڵێت، لەهەوڵدان سایلۆیەکی نوێ لە سنوری قەزای دووبز بکەنەوە.
عەبدوڵا میروەیس سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـی وت، “داوا لە بازرگانان دەکەین دوربکەونەوە لە جوتیاران بۆ ئەوەی گەنمی خۆیان رادەستی سایلۆ بکەن، لیژنەیەکیشمان پێکهێناوە لە نوێنەری دەزگا پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی رۆژانە لەناو بینای کشتوکاڵی کەرکوک دەوام بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی جوتیاران”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەوڵدان سایلۆیەکی دیکە لە سنووری قەزای دوبز بکەنەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ فریاناکەون و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.
هاوکات حەسەن حەمید بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکوک وتی، ساڵی رابردوو 547 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە و بۆ ئەمساڵیش چوار شوێن دیاریکراوە بۆ وەرگرتی گەنمی جوتیاران.
عەلی حەسەن وەک جوتیارێکی بەئەزموونی ناحیەی سەرگەڕان قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “ئەمساڵ بەهۆی کەمی باران بەرهەمی گەنم کەمی کردووە بۆ لەسەدا پەنجا، تائێستاش بازگەکان زۆر باشن و رێگری ناکەن لە جوتیارانی کورد”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری