جووتیارێک بە دەراسە گەنمەکەی دەدورێتەوە.
کرا بە 300 هەزار تۆن
بڕى وەرگرتنى گەنمى جوتیارانى کەرکوک زیادکرا
964+
ژووری هەواڵ
حکومەتی عێراق بڕی ئەو گەنمەی زیادکرد کە بڕیارە ئەمساڵ لە جوتیارانی کەرکوکی وەربگرێت، پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، بەهۆی ئەم بڕیارەوە جوتیاران قازانج دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.5.2025 رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەبازاڕکردنی گەنم لە کەرکوک بۆ 300 هەزار تۆن زیاد دەکات و هەر تۆنێکیان بە 850 هەزار دینار لێوەردەگیرێت.
پارێزگاری کەرکوک وتیشی، کێشەی کەمیی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی کورد و تورکمانیان چارەسەرکردووە و بە زیادکردنی بڕی پارەی کڕینەوەی گەنم، جوتیاران قازانج دەکەن.
بڕیارە لە 25 ئەم مانگەوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە کەرکوک دەستپێبکات، ئەمساڵ بەهۆی کەمیی بارانبارین پێشبینی وایە بەرهەمی ئەمساڵی پارێزگاکە کەمتر بێت بەراورد بە ساڵی رابردوو.