عەبدوڵاى لێفە

هەلاجە قەدیمەکەى کەرکوک کۆچى دوایى کرد

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

هەرچەندە لە دوکانێکى بێدەنگى کۆڵانێکى رەحیماوەى کەرکوک لێفە و دۆشەکى بۆ خەڵک دەدورى، بەڵام بەهۆى ئەوەى زیاتر لە 60 ساڵ بوو لەو شوێنە بوو، کۆڵانەکە بە کۆڵانى عەبدوڵاى لێفە ناسرابوو.

شەوى رابردوو، عەبدوڵا سلێمان کە ناسرابوو بە عەبدوڵاى لێفە، دواى 62 ساڵ کارکردن لە بوارى هەلاجی دا، لە تەمەنى 83 ساڵی بەهۆى جەڵتەى دڵەوە، لەناو دوکانەکەى خۆیدا گیانى لەدەستدا.

عەبدوڵا لە ساڵى 1942 لە گوندى قەرە سالم لە ناوچەى شێخ بزێنی سەر بەناحیەی شوان لە دایک بووە، لە تەمەنی 20 ساڵی گوندەکەی خۆی بەجێدەهێڵێت روودەکاتە شاری کەرکوک و لە کۆڵانێکی ناو بازاڕى رەحیماوە دەستدەکات بەکاری هەلاجی.

ئەو لەو ماوەیەدا تەنیا یەک ساڵ لە کارەکەى دوور دەکەوێتەوە کە ساڵى 2003 بوو، بەڵام دواتر گەڕایەوە و دەستى بە کارەکەى کردەوە.

بە دەستە لەرزۆ و وزە کەم و سەلیقە ورد و بێدەنگییەکەى، رۆژانە لێفە و سەرین و دۆشەکى بۆ خەڵک دروست دەکرد.

هەرچەندە زیاتر کارى دەکرد و کەمتر قسەى دەکرد، بەڵام پیاوێکى خۆشەویستى ناو خەڵک بوو، بەهۆى ئەوەى بەردەوام لە دوکانەکەى بوو، ئەو کۆڵانەى گەڕەکى رەحیماوە کە مام عەبدوڵاى لێبوو، بە کۆڵانى عەبدوڵاى لێفە ناسراو بوو.

هەموو ئەوانەى رۆژێک لەو کۆڵانەوە تێپەڕیبن، عەبدوڵایان بینیوە کە بە کوتەکێکەوە لە لێفەکان دەدات و رێکیاخ دەخات، یان قوڵاى چاوەکانى خستووەتە سەر نوکى سوژنێک و لێفەکەى پێ دەدورێت.

لەمڕۆوە ئیتر عەبدوڵاى لێفە نایەتەوە بۆ دوکانەکەى، بەهۆى ئەوەش کە پیشەى هەلاجى و لێفە و دۆشەک دورین بەتەواوى پەراوێز کەوتووە، پێناچێت کەسێک هەبێت و شوێنى عەبدوڵا بگرێتەوە و لێفە و دۆشەک و سەرین بۆ خەڵک ساز بکات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح