چاوپێکەوتنی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فۆکس نیوزی ئەمریکی
ورد و درشتی چاوپێکەوتنەکە
مەسرور بارزانی چی بە فۆکس نیوزی ئەمریکی وت؟
964+
ژووری هەواڵ
لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئەنجام دا و رایگەیاند، تەنیا لە شەڕی دژ بە داعش لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمان نین و لە بواری ئابووریش هاوبەشی دەکەین.
ئەمڕۆ شەممە 24.5.2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی خۆی لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاوکردەوە کە تێدا پرسیاری لێدەکرێت لە بارەی نیگەرانییەکانی حکومەتی عێراق دژ بە رێککەوتنی وزە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی.
لە وەڵامدا مەسرور بارزانی دەڵێت، “ئێمە دەستوورێکمان هەیە و بەڕوونی پێماندەڵێت کە مافی هەرێمی کوردستان چییە، هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە گرێبەست ئەنجامبدات لە بواری گاز و کەرتی وزە”.
مەسرور بارزانی دەشڵێت، ئەو دوو کۆمپانیایە کە “گرێبەستە 110 ملیار دۆلارییەکەیان” لەگەڵ ئەنجامدراوە، نوێ نین و ماوەی 15 ساڵ لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
لە بارەی جموجوڵی داعش لە سووریا، مەسرور بارزانی وتی، حکومەتی دیمەشق هێشتا کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکەی لەدەستدا نییە و پاشماوەی داعش ماون و دەبێت بە هاوکاری هەموو لایەک لەناوببرێن.
لە بارەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا، مەسرور بارزانی وتی، “هیواخوازین گفتوگۆکان ببنە هۆی هێنانەکایەی دەرئەنجامێک کە ئاشتی لێبکەوێتەوە و مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت”.