مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا
"پشتگیری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین"
ئەمریكا بە جیهانی راگەیاند پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان دەكات
964+
محەمەد فاتیح
لەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكە دەكرێت و وەك پێشبینی دەكرا كورد پشكی شێری بەركەوتووە و لە هەڵوێستێكی مێژوییدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پابەندبوونی خۆیانى ئاشكراكرد بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە دوای ئەوەی لە واشنتن لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە، پابەندبوونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەش دا، ئەمە بەشێکی بنەڕەتی و ستراتیژی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بە رێبەرایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ.
مارکۆ رۆبیۆ ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و ستایشی هەرێمی کوردستانیشی کرد له میوانداریکردنی پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان.
لە كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەخت كرایەوە لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیاوه و گفتوگۆكرا دەربارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرنگی دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم.
17.5.2025 مەسرور بازرانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە واشنتی پایتەختی ئەمریكا بە مەبەستی ئەنجامدانى زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس و تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی تایبەتە بە پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی نێوان هەرێم و ئەمریکا، ئەمە جگە لە واژۆکردنی دوو گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیا لە بوارەکانی نەوت و وزە.