45 تاکسی خەلیفان چاوەڕوانی تەواوکردنی گەراجەکەن

+964

ئاکام غەفور

ساڵانێکی زۆرە خاوەن تاکسییەکانی هێڵی خەلیفان هەولێر، خەلیفان سۆران لەچاوەڕانی تەواوکردنی گەراجی چاوڕانی رێبوارانن، ئەمەش کێشەی بۆ دروستکردوون.

ئەوەی وایکردووە تاکسییەکانی هێڵی خەلیفان، دووچاری گرفت ببنەوە ئەو ئۆتۆمبێلە تایبەتانەیە کە لەجادە و شەقامەکانەوە نەفەر دەگوازنەوە، ئەمەش شوفێرانی تاکسی هێڵەکەی نیگەران کردووە.

دروستکردنی گەراجێک بۆ خەلیفان بڕیاری بۆ دەرچووە و بڕیارە کەرتی تایبەت گەراجەکە دروستبکات، بەڵام هێشتا رێکارە یاساییەکەی تەواو نەبووە.

45 تاکسی لە خەلیفان، رێبواران لە خەلیفانەوە دەگوازنەوە بۆ هەولێر و سۆران، بەڵام یەکێک لەگرفتە هەرە دیارەکانی خەلیفان و سۆران بەگشتی ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلی تایبەتیش ئەو کارە دەکەن.

بەهۆی نەبوون و کەمی تاکسی، هەر لەدوای راپەڕینەوە بووە بە نەریتێک لەدەڤەری سۆران و ناوچە دوورە دەستەکان ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان کاری تاکسی دەکەن.

‎سەرۆکی شارەوانی خەلیفان بە تۆڕی964ـی وت، شوێن دیاریکراوە و رووبەرەکەشی یەک دۆنمە، بەڵام رێکارە یاساییەکانی تەواو نەبووە.

تاریق ئیبراهیم، وتیشی “بەدروستبوونی گەراجەکە بەشێکی زۆری قەرباڵغی ناوشار چارەسەر دەکات”.

یەکێک لەشوفێرانی هێڵی خەلیفان هەولێر دەڵێ، بەردەوام لەگەڵ شوفێرانی تایبەت تووشی کێشە دەبین.

کەمال حوسێن، شوفێری هێڵی خەلیفان هەولێر دەڵێت: چەندجارێک داوامان کردووە گەراجێکی تایبەتمان بۆ دروستبکەن لەناو سەنتەری شارەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆمان دروستنەکراوە، بەهۆی ئەوەی لەناو بازاڕ دەوەستین رۆژانە تووشی کێشە دەبین لەگەڵ هاوڵاتیان و کارمەندانی هاتوچۆ”.

‎ناحیەی خەلیفان، بەهۆی ئەوەی شوێنێکی گەشتیارییە و ھەریەکە لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بەپارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە، رۆژانە هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە.

ناحیەی خەلیفان، 100 کیلۆمەتر لەپارێزگای هەولێر دوورە و ژمارەی دانیشتووانیشی زیاتر لە 40 هەزار کەس دەبێت.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق