"هەفتەى رابردوو مۆلیدەکانیان پێ لادان"
عەرەبانەچییەکانى ناوبازاڕ داوا دەکەن کارەبایان پێ بدرێت
964+
عەبدولعەزیز خالندى- هەولێر
عەرەبانەچییەکانى ناوبازاڕى هەولێر و بەردەم قەڵا، داوا دەکەن کارەبایان پێ بدرێت و دەڵێن، حکومەت هەرچەند بڵێ دەیدەن بەس رووناکیان پێ بدرێت.
هەفتەى رابردوو، قائیمقامییەتى هەولێر و لیژنەى شارەوانى، هەموو ئەو مۆلیدانەى هەڵگرتەوە کە عەرەبانەچییەکان بۆ رووناککردنەوە بەکاریان دەهێنا.
عەرەبانەچییەکان بە دەوورى قەڵا و بازاڕى نیشتمان و داون تاون و باخى شار بڵاوبوونەتەوە و نزیکەى 100 دانەن، هەیانە ساردەمەنى دەفرۆشێ و هەیانە چایى و هەیانە پاقلە و بەرهەمە پاقلەمەنییەکان.
ئەوان لەماوەى رابردوو بە مۆلیدە کارەباى عەرەبانەکانیان دابین دەکرد و دەورووبەرى خۆیان رووناک دەکردەوە، بەڵام بەهۆى دەنگى بەرزى مۆلیدەکانەوە، قائیمقامییەت و لیژنەى شارەوانى ماتۆڕەکانیان پێ هەڵگرتنەوە.
ئێستا عەرەبانەچییەکان لە تاریکى دا کاروکاسبى خۆیان دەکەن، بەوتەى ئەحمەد ئیسماعیل کە یەکێکە لەو گەنجانەى لە بەردەم قەڵا عەرەبانەى هەیە بە 964ـى وت،”ئێستا دوو رێگا هەیە، یان رێگەیان بدرێت بەمۆلیدە کارەباى خۆمان دابین بکەین، یان کارەباى نیشتمانیمان پێبدەن و ئامادەشین مانگانە 75 تا 100 هەزار بدەین بۆ هەر عەرەبانەیەک”.
داواش دەکات، قائیمقامى هەولێر خەمێکیان لێ بخوات، چونکە وەکخۆى دەڵێت،”هەموومان منداڵە فەقیرین”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح