لە 10 ساڵدا ریژەی 30٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە لە منداڵاندا زیادیان کردووە

لە 2022.. لە سلێمانی 212 منداڵ تووشی شێرپەنجە بوونە

964+

دیلان محەمەد

بەراورد بە 10 ساڵ بەرێژەی 30٪ تووشبووانی شێرپەنجە لەناو منداڵاندا زیادیکردووە بەپلەی یەکەم شێرپەنجەی خوێن بەربڵاوترینە لەناو منداڵان.

لەرۆژی جیهانی شێرپەنجەی منداڵان، نەخۆشخانەی هیوا رایدەگەیەنێت ئامارەکانی تووشبوون بەشیرپەنجە لەناو منداڵاندا رووی لەزیادبوون کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی964 دراوە، لە 10 ساڵی رابردوودا رێژەی تووشبوون بەشێرپەنجە تەنیا لە سلێمانی 30٪ـی زیادیکردووە.

پارساڵ 212 تووشبووی نوێ لەنەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی 2012 تەنیا 145 نەخۆش بووە.

دکتۆر محەمەد عەبدولوەهاب، بەرپرسی هۆبەی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجەی سلێمانی بە تۆڕی964ـی راگەیاند: ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە سلێمانی لەساڵی 2012ـدا 45%ـی کۆی تووشبووانی شێرپەنجە بوو لە منداڵان، بەڵام لەساڵی 2022ـدا رێژەکە بۆ 75% بەرز بووەتەوە، واتە ئێستا لەھەر چوار تووشبووێک، سێیانیان منداڵانی پارێزگای سلێمانین.

“بەپلەی یەکەم شێرپەنجەی خوێن، ئینجا شێرپەنجەی مێشک، شێرپەنجەی لیمفۆمایە و دواترینیش شێرپەنجەی ڕێژێنەکانی لەش دیارترین لەناو منداڵان”. دکتۆر محەمەد عەبدولوەهاب وادەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو، رێژەی 10% شێرپەنجەی منداڵان پەیوەستە بەھۆکارە بۆماوەییەکان، بەڵام 90%ـەکەی دیکەیان هێشتا زانراو نییە.

بەقسەی بەرپرسی هۆبەی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجەی سلێمانی بێت، هێشتا ھەرێمی کوردستان لەناوچەی پارێزراودایە لەژمارەی تووشبوو بە شێرپەنجە لەناو منداڵاندا.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق