لە گوندێکی زەڕایەن
نزیکەی 100 دۆنم گەنم و ژمارەیەک داری بەردار سووتان
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
لە گوندی کۆرەی سەربە ناحیەی زەڕایەن، نزیکەی 100 دۆنم گەنم و ژمارەیەک درەختی میوە و چەند هەنگێک سووتان و ئاگر زیانی زۆری بە جوتیارانی گوندەکە گەیاند.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 23.5.2025 ئاگر لە زەویی کشتوکاڵی جوتیارانی گوندی کۆرە کەوتەوە و عومەر محەمەد خاوەنی یەکێک لە زەوییەکان بە 964ـی وت، “کاتژمێر 2:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ ئاگادار کرامەوە کە زەوییەکەم سووتاوە کە گەنم بوو”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا زەوییەکەی ئەو 60 دۆنمە و هەمووی سووتاوە، ئەوە سێ ساڵیشە لەم کاتەدا ئاگر لە زەوییەکە بەردەبێ و لە دوو ساڵی رابردووشدا 40 بۆ 50 دۆنم گەنمی سووتاوە.
عومەر محەمەد وتیشی، هەرچەندە تیمەکانی بەرگری شارستانی زەڕایەن زوو بە هانایانەوە چوون و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام جگە لە زەوییەکی ئەو، دوو پارچە زەوی دیکە و نزیکەی 100 داری میوە و چەند هەنگێکیش سووتاون.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری