"لە قۆناغی ئیفرازی زەوین"
بەیەک پاکێچ لە گەرمیان زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێ
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێ، نوسراوی بۆ سەرجەم شارەوانییەکانی ئیدارەی گەرمیان کردووە، کە پەلە نەکەن لە دابەشکردنی زەوی تا بەیەک پاکێچ و پێکەوە، دەست بەدابەشکردنی زەوی بکرێ، ئەوەش پاش هاتنەوەی هەموو ناوەکان.
بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، تا ئێستا لە گەرمیان دابەشکردنی دەستپێ نەکراوە، بەڵکو لە قۆناغی ئیفرازی زەوییەکانن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.5.2025، بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان بە 964ى وت، زەوی دابینکراوە بۆ دابەشکردن، بەڵام بەشێک لە زەوییەکان کشتوکاڵین و چاوەڕێین، بخرێنە سەر وەزارەتی شارەوانی و کارەکانی ئیفرازکردنیان تەواو بکرێت.
لە سنوری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی 26 ھەزار فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەویان ھەیە، تا ئێستا زیاتر لە 10 ھەزار کەس ناویان گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی.
بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان وتی، ھەرکات ناوی ھەموو فەرمانبەران گەڕایەوە ئەوکات دەستدەکەن بە تیروپشکی دابەشکردنی زەوی، بۆ ئەوەی ھەموو فەرمانبەرەکان وەک یەک مافیان ھەبێت لە وەرگرتنی شوێنە باشەکان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا