1646 حاجی گەیشتن
سبەی گەشتی ئاسمانیی حاجیانی كوردستان دەستپێدەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان رایگەیاند، ئەو حاجییانەی كوردستان، كە بە رێگەی وشكانی بەرەو جێبەجێكردنی حەج روویان لە سعودیە كردووە، هەموویان بە سەلامەتی گەیشتن و سبەیش گەشتە ئاسمانییەكان دەستپێدەكەن.
كاروان ستوونی لە سعودیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 18.5.2025 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، 1646 حاجی، كە بە رێگەی وشكانی گەشتیان كردووە بۆ جێبەجێكردنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، گەیشتوونەتە خاكی سعودیە و هەموویان سەلامەتن.
وتیشی، سبەی دووشەممە 19.5.2025 بەشێكی دیكەی حاجیانی كوردستان، كە ژمارەیان سێ هەزار و 491 حاجین، بەرەو سعودیە بە رێگەی فڕۆكە بەرەو ماڵی خوا بەڕێدەكەون.
وتیشی، سبەی یەکەم کاروان بەڕێدەكەون و لە رێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتەكان ئەنجام دەدرێن، خشتەكەش وایە گەشتەكان تا 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن.
بەپێی ساڵنامەی حەجی ئەمساڵ، ئێوارەی 5.6.2025 حاجیانی ماڵی خوا لە كێوی عەرەفە دەبن و رۆژی 6.6یش یەكەم رۆژی جەژنی قوربان دەبێت.