قوباد تاڵەبانی: کۆیە ناوچەی کێشە لەسەری زۆنی سەوز و زەردە
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
قوباد تاڵەبانی قەزای کۆیەی بە ناوچەی کێشە لەسەر چواند و وتی، دوو ناوچەی ١٤٠ هەن، یەکێکیان لە نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوی دیکەیان لە نێوان پارتی و یەکێتی.
ئەو قسانەی لە دیداری مێری ٢٠٢٢ کرد، کە ئەمڕۆ سێشەممە، لە هۆتێل رۆتانای شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی وتی، “بەداخەوە شاری کۆیە بووەتە ناوچەی ١٤٠ لە هەرێمی کوردستان، لە رووی ئیدارییەوە سەر بە زۆنی زەردە، بەڵام لە رووی کەلتورییەوە سەر بە زۆنی سەوزە”.
ئەوەی لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە ئامادەبوواندا وت، کە لەبارەی پشتگوێخستنی کۆیەوە پرسیاری لێکرد.
نێردراوی میدیازان لەهۆڵی گفتوگۆکانی مێری ئامادە بوو.
مێزگردەکە بە ناونیشانی “ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومڕانی و چاکسازیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان” بوو بە بەشداری جێنین هێنیس پلاسخارت بوو، کە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق.
جێنین پلاسخارت باسی لە چاوەڕوانی عێراقییەکان کرد لێی، وتی، ئەو هەموو شتێکی پێ ناکرێت، لەکاتێکدا “عێراق نقوم بووە لە گەندەڵی”.
ئەو وتی، ئەرکی خەڵکی عێراق خۆیانە فشار بکەن تاوەکو حکومڕانی بەھێزیان ھەبێت لە ناوخۆ، “من ناتوانم سیستمەکەیان بگۆڕم”.
بڕیارە دیدارەکە تاوەکو ئێوارەی سبەینێ بەردەوام بێت و هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداری گفتوگۆکان بکەن.
مێری لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، لە “Middle East Research Institute” هاتووە، بە مانای پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە، لەلایەن دکتۆر دلاوەر عەلائەدین، وەزیری پێشووتری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێت.