بەرهەمى گەنمەکەیان دەستمایە نایەنێتەوە
کەمى باران جوتیارانى رەنجبەخەسار کرد
964+
عەبدولعەزیز خالند – 964+
کەمیى بارانبارینى ئەمساڵ، کاریگەرى راستەوخۆى کردووەتە سەر بەرهەمى گەنم، ئەوەتا لە سنوورى قوشتەپە ئەو گەنمەى ئاو نەدرابێت، بەرهەمى نەبووە.
ئەمڕۆ هەینى، دروێنەى بەرهەمى گەنمى سنوورى قوشتەپە دەستیپێکرد، بەڵام جوتیاران تەنیا چاویان لە دەستمایەیە نەک قازانج.
رەوەند ساڵح کە سەرقاڵى دروێنەى گەنمەکەى بوو، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” لەبەر کەمی باران بارین و نەبوونی کارەبای پێویست، ئەوەندە دەغڵەشی هەیە بە زەبری کارەبا و ئاوە، زەوی دێمی هیچ دەست مایەکی نییە، تەنانەت دەڕاسەش ناچێتە ناوی، ئەوەشى ئێمە هەمانە تەنیا بۆ ئەوەیە ئەو خەرجیەى لێمان کردووە دەستمان بکەوێتەوە”.
بێستون محەمەد، شۆفێری دەڕاسەیە، لەبارەى بەرهەمى گەنمى ئەمساڵەوە وتى،”دروێنە زۆر زەحمەتە، چونکە چڵى گەنمەکە کورتە و بەرز نەبووەتەوە، جگە لەوەش لە ترسى تەرزە، هێشتا بە تەواوى وشک نەبووە دەستمان کردووە بە دروێنە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح