شەوانە دەچنە گۆڕستانەکە
لە گوندێکی هەولێر سەگی بێلانە گۆڕ هەڵدەدەنەوە
+964
دەشتی عارف ـ هەولێر
لە گوندی گردجوتیار لە نزیك شاری هەولێر، سەگی بێلانە شەوان دەچنە ناو گۆرستانی گوندەکە و گۆرەکان هەڵدەکەنن و لەناویاندا دەخەون.
فەرحان فەیسەڵ، دانیشتووی گوندی گردجوتیارە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “سەگەکان ژمارەیان زۆرە و ناتوانین بە ئیسراحەت بێینە دەرەوە لە ماڵ، لە دوای کاتژمێر 10ـی شەوەوە لە ترسی ئەو سەگانە ناتوانین نە خۆمان نە ماڵ و منداڵمان بێینە دەرەوە، لەپێش چاوی خۆمان بۆ منداڵەکانمان دێن و دەیانەوێت پەلاماریان بدەن”.
رەنجدەر عەلی، گۆڕی دایکی لە گۆرستانەکەیە و سەگ هەڵیکۆڵیوە، وتی، چەند جارێک سەگ گۆڕەکانیان هەڵکەندووە و ئێمەش چاکمان کردووەتەوە، بەڵام بێ سوودە و دووبارە سەگەکان هەڵیدەکۆڵنەوە.
“بەیانی وەرە بزانە دەتوانیت بەتەنیا بێت فاتیحەیەک بخوێنیت، لە ترسی پەلاماری سەگ، ئەگەر بتەوێت بێت، یان دەبێت بە ئۆتۆمبێل تا تەنیشت گۆرەکەت بێیت، یانیش دەبێت دوو سێ کەس بیت و دارێکیشت پێی بێت”.
سەرەڕای هەبوونی شەڵتەر و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی سەگی بێلانە، بەڵام تا ئێستا گرفتی سەگەکان چارەسەر نەکراوە و بەردەوام کێشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن.
پێداچوونەوە: هاوبەش