دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا - AFP
سیاسەت، وەربەرهێنان و هاوكاری ئەمنی
ئەجێندای گەشتەكەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی لەخۆگرتووە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتێک دەبێت بۆ خستنەڕووی دیدگای خۆی بۆ بەشداریکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە و پێناسەکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لەوێ.
بە گوێرەی سەرچاوەكانی کۆشکی سپی بۆ میدیاكان، سەردانەکەی ترەمپ کە سعودیە و ئیمارات و قەتەر لەخۆدەگرێت، تیشک دەخاتە سەر بەرزکردنەوەی وەبەرهێنان و هاریکاری ئەمنی و تاوتوێکردنی پرسەکانی ناوچەکە.
بڕیارە لە سەردانەکەدا، كە ئەمڕۆ دەگات، چەند رێککەوتننامەیەكی هاوبەشی ستراتیژی واژۆ بكرێن، کە قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی ئەمریكایە لەگەڵ وڵاتانی كەنداو.
ئەمە یەكەم سەردانی فەرمیی ترەمپە بۆ دەرەوەی ئەمریكا، دوای ئەوەی لە مانگی یەكی رابردوو بۆ جاری دووەم بووەوە سەرۆكی ئەمریكا.
چاودێران پێیان وایە ئەمریکا هەمیشە رۆڵی سەرەکی لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بینیوە، جا چ لە ئاستی ئابووری یان ئەمنیدا، بۆیە سەیر نییە ترەمپ بۆ یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵات وڵاتانی ناوچەکەی هەڵبژارد.
بڕیارهكهى ترەمپ تیم و كارمهندهكانى كاروبارى مینى له كوردستان كهمكردووهتهوه
چاوەڕێ دەكرێت ئەجێندای سەرۆكی ئەمریكا لە گەشتی ئەمجارەی بەم جۆرەبێت:
بەڵێن دەدات لە ئایندەیەکی نزیکدا کار بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بکات
دۆناڵد ترەمپ تەنانەت پێش گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە ئەمریکا، باسی لە خواستی خۆی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.
لەمیانی دیداری ئەم دواییەشی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند شەڕەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی دێت، پێشنیاریشی کرد کە لەسەر بنەمای کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی غەززە، هاوڵاتیانی شارەكە بەرەو وڵاتێكی دیكە بگوازێتەوە، هەرچەندە ئەم پێشنیارە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە رەتكرایەوە.
پشتیوانی سەربازی و هەواڵگری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل
واشنتۆن هەمیشە پاڵپشتی ئیسرائیلی کردووە، هاوکاری سەربازی و هەماهەنگی هەواڵگریی بۆ دابینکردووە.
بەڵام لە هەنگاوێکدا کە بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی توڕە کردووە، پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ بڕیاری پاشەکشەکردن، یان لانیکەم دواخستنی هێرشی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران داوە.
هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات
سەبارەت بە ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا تا ئێستاش سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی دابەشبوون لەناو ئیدارەکەیدا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، بۆیە هەندێك جار ناچارە زمانی هەڕەشەئامێز بەکاربهێنێت و لە کاتەکانی دیکەشدا کارتی دیپلۆماسی هەڵبدات.
كەمكردنەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا
ئێستا پنتاگۆن کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی سەربازی کە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا جێگیرکراون بۆ کەمتر لە نزیکەی هەزار سەرباز لە چەند مانگی داهاتوودا، کە هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان کاردەکەن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا
بەشێكی دیكەی سەردانەكەی ترەمپ سەبارەت بە عێراق دەبێت، كە دەمێكە واشنتن و بەغدا رایانگەیاندووە، لەسەر پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە خاکی عێراق تا کۆتایی ساڵی 2026 رێککەوتوون.