دیمەنێک لە ناوەندی شاری هەولێر - فۆتۆ: 964
پڕۆژەی سەلامەتی رێگەوبان راگەیەندرا
وەزارەتی ناوخۆ: رووداوەکانی هاتوچۆ کەمیان کردووە
964+
محەمەد فاتیح
لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی هاتوچۆ بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانی هەرێم، لە رێورەسمێکدا لە هەولێری پایتەخت وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی سەلامەتی رێگەوبان و كوالێتی ئۆتۆمبێل و هۆشیاری هاتوچۆی راگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2025.5.12 رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ رایگەیاند گرنگی بەو پڕۆژانە دراوە کە دەبنە هۆی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، هەربۆیەش مەرجەکانی سەلامەتی تووندترکراون.
وتيشى، “ئامارەکانی قوربانیان بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە نێوان ساڵی 2018 بۆ 2024 ٪63 کەمیکردووە، ئەمساڵ کاری سەرەکیمان تەواوکردنی سەرجەم پڕۆژەکان دەبێت”.
“ژمارەیەک پردی پەڕینەوە دروستکراون و دەیانی دیکەش دیزاین کراون و لە داهاتوودا دەخرێنە خزمەت هاوڵاتیان، هەروەها بەهۆی کامێراکانی تیژڕەوی رووداوەکانی هاتوچۆ کەمبوونەتەوە، بەجۆرێک لەنێوان ساڵی 2018 بۆ 2024، رووداوەکانی هاتوچۆ بەڕێژەی 50٪ کەمیکردووە” رێبەر ئەحمەد واى وت.
ئاشكراشیكرد کۆمپانیاکانمان هانداوە ماتۆری بێدەنگ و کارەبایی هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی هاوڵاتیان لەبارەی ژینگە و دەنگەوە کەمبکەینەوە، هەروەها تاکو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیان دەبنە خاوەنی تاکسی نوێ و خواست لەسەر تاکسی هایبرێد و کارەبایی زیادیکردووە، کە دۆستی ژینگەیە و خەرجی کەمترە لەسەر هاوڵاتیان.
هەرچەندە بە شێوەیەكی رۆژانە رووداوەكانی هاتوچۆ روودەدەن، بەڵام لایەنى پەیوەندیدار دەڵێن بەهۆی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ و تۆمارکردنی تیژڕەوی، رووداوەکانی هاتوچۆ لەمساڵدا 2025 کەمی کردووە.

