تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق. وێنە: ina
وەزارەتی دارایی روونكردنەوەی دا
دەنگۆی پێدانی موچە بە هاوڵاتیانی سوری لە لایەن عێراقەوە رەتكرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی دارایی عێراق رەتیكردەوە رەزامەندییان دابێت موچە بە هاوڵاتیانی سوریا بدەن و رایانگەیاند، ئەوەی لە سۆشیال میدیا لەمبارەیەوە بڵاوكراوەتەوە، راست نییە.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ دووشەممە 12.5.2025 لە راگەیاندراوێكدا، بە توندی ئەو زانیارییانەی رەتكردەوە گوایە وەزارەتەكە رەزامەندیی داوە بۆ پێدانی موچە بە هاوڵاتیانی سوری و ئەو زانیارییانەشی لە سۆشیال میدیاكان لەمبارەیەوە بڵاوبوونەتەوە، بە “چەواشەکارانە و دەنگۆی خراپەکارانە” وەسف كرد.
وەزارەتی دارایی عێراق، كە تا ئێستا موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە و ئامادەش نییە بینێرێت، دەڵێت، “بە توندی ئەو زانیارییە چەواشەکارانە و دەنگۆی خراپەکارانە رەتدەکەینەوە، کە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە وەزیری دارایی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی موچە بە خەڵکی سوریا”.
ئاماژەیان بەوەش کرد، “ئەوەی بانگەشەی بۆ کراوە، لە راستیدا هیچ بنەمایەکی نییە و تەنیا درۆ و هەڵبەستراوە، سیاسەتە داراییەکانی وەزارەت لەسەر بنەمای ستانداردی پیشەیی و تەنیا بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دامەزراوە و هیچ بڕیارێک سەبارەت بە موچە یان هاوکاری دەرەکی نادرێت، مەگەر لە چوارچێوەی فەرمی پەسەندکراودا بێت”.
وەزارەتەکە داوای لە هاوڵاتیان کردووە تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمی و باوەڕپێکراوەکان ببەستن بۆ وەرگرتنی زانیاری، هەروەها دەڵێن، “وەزارەت مافی یاسایی خۆی هەیە بۆ سكاڵاكردن لەو کەسانەی ئەو درۆیانە بڵاودەکەنەوە”.