فێستیڤاڵی فیلمی ئەوروپا
“دەنگی گوێز” لە فەرەنسا نمایش دەکرێت
964+
توانا نەقی
شانۆگەری و فیلمە کوردیەکان سنوورەکان دەبڕن و لە چەندین وڵاتی دنیاوە ئەسپی نمایشی خۆیان تاودەدەن، تازەترین کار کورتە فیلمی “دەنگی گوێز”ـە کە لە فەرەنسا نمایش دەکرێت.
نمایشی کورتە فیلمەکە لە چوارچێوەی 22ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی ئەوروپایە لە فەرەنسا ئەنجام دەدرێت و دەیان وڵات تیادا بەشدارن.
رزگار فەقێ یاریدەدری دەرهێنەر و پرۆدیوسەری کورتە فیلمی دەنگی گوێز بە 964ـی وت، ئێمە ئێستا لە فەرەنساین لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەوروپا لەپاڵ دەیان وڵاتی گەورە تاکە فیلمی کوردستان و عێراقین کە بەشداری دەکەین.
وتیشی، لە فێستیڤاڵەکە 43 کورتە فیلم و فیلمی درێژ و دۆکیۆمێنتاری بەشدارن و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیاوە بەرهەم وەرگیراوە.
چیرۆکی کورتە فیلمەکە باس لە منداڵێک دەکات کە خولیایەکی ئێجگار زۆری بۆ میوزک هەیە و سەرەڕای رێگرییەکان لێی ئەو هەر بەردەوام دەبێت.
رزگار فەقێ ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی کورتە فیلمەکە 7 دەقە و 35 چرکەیە و شوێنی وێنەگرتنەکەشی یەکێکە لە گوندەکانی کوردستان.