رێگەی سەرەکی چوونە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی _ وێنە: 964
"نانا هێشتا نەکراوەتەوە"
ئەو گەشتەی لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا دەکرێ ترانزێتە
964+
ئەحمەد مستەفا
تەنانەت کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکە دەڵێ، خەڵک لە سلێمانییەوە زۆر پەیوەندییان پێوە دەکەن، قسەیەک هەیە و واباسە، گەشتی فڕۆکەوانیی راستەوخۆ لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا ئەنجامبدرێ، بەڵام دەرکەوت گەشتەکە ترانزێتە، گەشتیار لە سلێمانییەوە دەباتە عەممان دواتر بۆ تورکیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11.5.2025، دوو ساڵ و یەک مانگ و هەشت رۆژە، فڕۆکەخانەی سلێمانی قەدەغەی گەشتی چوون و هاتنی لەسەرە بۆ وڵاتی تورکیا.
کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی لە سلێمانی، بانگهێشتی گەشتیارانی کردووە لەلای ئەوانەوە و لە فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشتی تورکیایان پێ دەکەن، بەڵام زۆرێک لە خەڵک ئەوەیان لەلا روون نەبووە، گەشتەکە ترانزێتە و راستەوخۆ نییە، بەڵکو لەگەڵ داخستنی ئاسمانی سلێمانی بۆ تورکیا، گەشتیار وەک جێگرەوە فڕۆکەخانەی کەرکوک و هەولێر بەکاردەهێنن.
شەن بێستون، لەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییە کاردەکات کە نووسینگەی لە سلێمانییە، ئەو بە 964ی وت، گەشتەکە نزیکەی هەشت کاتژمێر دەخایەنێت، گەشتیار کە لەلای ئەوان بلیتی فڕۆکە دەکڕێت، لەگەڵ هێڵی ئاسمانی رۆیاڵ جۆردەن دەچێتە عەممانی پایتەختی ئوردن، لەو وڵاتەشەوە بۆ تورکیا گەشتەکەی دەکات، لە کاتێکدا گەشتی راستەوخۆ ماوەکەی کەمتر لە دوو کاتژمێرە.
یەک بلیت بۆ چوون و هاتنەوە بە 500 دۆلارە، کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد، خەڵکێکی زۆر پەیوەندی دەکەن پێیانەوە، بەڵام هەندێکیان بەهۆی ترانزێتەکەوە رەتی دەکاتەوە، شەن بێستون وتی، ئامانجی ئەوان ئاسانکاری بووە بۆ ئەو کەسانەی کە تەنیا یەک بژاردەیان هەیە و دەتوانن لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە گەشت بکەن.
رۆژی 3.4.2023، هێڵى فڕۆکەوانیى تورکیا، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى لە راگرتنى سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى هێڵى فڕۆکەوانى تورکیا بۆ فڕۆکەخانەکە ئاگادار کردەوە، دواتریش حکومەتى تورکیاش بڕیاری دا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات کە بیەوێت لە تورکیاوە گەشت بۆ سلێمانی بکات، وا زیاتر لە دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو قەدەغەیە و هیچ گەشتێک لە نێوان سلێمانى و تورکیا راستەوخۆ ئەنجام نەدراوە.